جۆری توێژینه‌وه‌ : هه‌ڵێنجراو له‌ نامه‌ی ماسته‌ر

نوسه‌ران

1 کۆمەڵناسی، کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، زانکۆی سلێمانی

2 بەشی کۆمەڵناسی، کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، زانکۆی سلێمانی، هەرێمی کوردستان – عێراق

پوخته‌

ئامانج لەم توێژینەوەیە تێگەیشتنە لە پارادایمی فەلسەفی بەگشتی و پارادایمی پۆزەتیڤیستی بەتایبەتی، هەروەها ئەو تێگەیشتنانەی لە ڕوانگەی دنیابینی پۆزەتیڤیستییەوە بۆ سەرەتاکانی توێژینەوە (کێشە و ئامانجی توێژینەوە) و هەڵبژاردنی میتۆدی توێژینەوە دەکرێت. لە توێژینەوەکەدا شیکارییەکی هێرمێنۆتیکی بۆ ئەو ماستەرنامانە ئەنجامدراوە کە پێشکەش بە بەشی کۆمەڵناسی کراون، لەناویاندا توێژینەوە کۆمەڵناسییەکان و توێژینەوە ئەنسرۆپۆلۆجییەکان دەگرێتەوە. بە تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان ئەم دوو گۆڕاوە (پارادایمی فەلسەفی و تویژینەوەی کۆمەڵایەتی) بەو ئەنجامانە گەیشتووین کە پەیوەندییەکی مێژوویی و ئەکادیمی تایبەت بە پرسە فەلسەفییەکان پێکەوەیان دەبەستێتەوە. هەر پارادایمێکی فەلسەفی کۆمەڵێک گریمانەی فەلسەفی سەبارەت بە پرسەکانی (بوون، زانین، بەها، لۆجیک، میتۆد، ڕەوانبێژی) هەیە، هەروەها بە تێگەیشتن لە هەریەکێک لە پارادایمە فەلسەفییەکان لە کۆتاییدا و لە بەشی مەیدانی توێژینەوەکەدا پەیوەندی نێوان پارادایمی پۆزەتیڤیستی (کە یەکێکە لە پارادایمە سەرەکییەکانی زانستی کۆمەڵایەتی) لەگەڵ هەڵبژاردنی ناونیشان و دەستنیشانکردنی کێشە و ئامانج و میتۆدی توێژینەوە لە ماستەرنامەکانی بەشی کۆمەڵناسیدا هەڵسەنگێندراون و لە ئەنجامەکاندا دەرکەوتووە؛ یەکەم، توێژەران لە پرسی پارادایمی ڕێنوێنیکەری توێژینەوەکانیان تێنەگەشتوون و ئاماژەیان بۆ نەکردووە لە توێژینەوەکانیاندا. دووەم، لە ڕێگەی شیکارییە هێرمێنۆتییەکییەکانمانەوە لەوە تێگەیشتووین کە زۆرێک لە ماستەرنامەکان پرسەکانی بوونناسی و زانینناسی و بەهاناسی و لۆجیکییان لە توێژینەوەکانیاندا پەیڕەو نەکردووە و بە تێکەڵکردنیان لەگەڵ پارادایمەکانی دیکەدا توێژینەوەکانیان لە پەیڕەوکردنی ڕێنوێنییەکانی پارادایمی پۆزەتیڤیستی دوورخستۆتەوە.

وشه‌ بنچینه‌ییه‌كان