جۆری توێژینه‌وه‌ : توێژینه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی

نوسه‌ر

زانکۆی سلێمانی

پوخته‌

شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ بەتەنها گۆرانکارییەکی سیاسی شۆڕشگێرانە نەبوو بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی سیزەر لە روسیا و هێنانە کایەی حکومەتێکی سۆشیالیستی لە پێناو باشترکردنی ژیانی خەڵک ، چینە هەژارەکانی کۆمەڵ بەتایبەتی ، بەڵکو گۆرانکارییەکی بنچینەیی بوو لە تەواوی پێکاهاتەی کۆمەڵایەتی و کەلتووری ئەو وڵاتەدا و کاریگەرییەکانی تەواوی لایەنە فەرهەنگی و هونەرییەکانیشیان گرتەوە . سینەما وەک یەکێک لە بەهێزترین و دیارترین ئامرازە نوێیەکانی هۆشیاری لەو سەردەمەدا بایەخێکی گەورەی وەرگرت و خۆشی وەک دیاردەیەکی سەردەمە نوێیەکە بووە جێی وردبوونەوەی بیریارانی ئەورۆژگارە و بە ئەمڕۆشەوە قسەکردن لەسەر سینەمای سۆڤێتی هێشتا بابەتێکی گەرم و سەرنج راکێشە .
بەشی زۆری ئەو توێژینەوانەی دەربارەی ئەو سینەمایە کراون بەتەنها کاریان لەسەر ئەو دیوەی کردوە کە چ جۆرە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کۆی سینەمای دنیا داناوە ، بەتایبەتی لەهەوڵەکانی هاتنەگۆڕێی مۆنتاژ دا و ئەو جۆرە هەژموونەی ستایڵی کارکردنی فیلمسازانی ئەو وڵاتە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ واقیع ، لەبەرامبەر ئەوەدا دۆخی گشتی بەرهەمهێنان و ئەو هەژموونەی ئایدۆلۆجیا لەسەپاندنی کۆت و بەند بەسەر دنیای ئەفرێنەرەکاندا کەمتر بۆتە جێی کارکردن .
ئەم توێژینەوەیە هەوڵدەدات بەنێو ئەو پەنهانییەدا ڕۆبچێت کە لەدەوری بونیادە گشتییەکەی ئەم ڕەوتە سینەماییە هەیە ، کارکردنە لەسەر شیکردنەوەی هەژموونی ئایدۆلۆجیاو سیاسەت لەهەمبەر ئەو کایەی داهێنانەی دەیان دەرهێنەری مەزنی بە دنیای فیلمسازی بەخشیوەو هاوکات ئەو کۆت و بەندانەی خودی خۆی بۆ داهێنەرەکانی دروست کردووە . هەوڵدان بۆ راڤەکردنی زەبری هێزی سیاسی و بیرکردنەوەکانی و دروستکردنی کایەیەک کە لەراژەی دەسەڵاتدارێتی سیاسی و بیرکردەوەکانیدا بێت یەکێکی ترە لەو بەشانەی لەم توێژینەوەیەدا گرنگی پێدراوە و کاری زیاتر و هەڵکۆڵینی زانستیانەی تێدا کراوە .

وشه‌ بنچینه‌ییه‌كان