جۆری توێژینه‌وه‌ : هه‌ڵێنجراو له‌ نامه‌ی ماسته‌ر

نوسه‌ران

1 بەشى زانستە کۆمەڵایەتییەکان، کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەت، زانکۆى گەرمیان، هەرێمی کوردستان – عێراق

2 بەشى دەروونناسى، کۆلێژى پەروەردە، زانکۆى گەرمیان، هەرێمی کوردستان – عێراق

3 زانستە كۆمەڵایەتییەكان، کۆلێژى پەروەردەی بنەڕەت، زانکۆى گەرمیان، هەرێمی کوردستان – عێراق

پوخته‌

ئامانجی توێژینەوەکە بریتییە لە زانینی کاریگەری بەکارهێنانی ستراتیژی نەخشە هزرییەکان لەسەر دەستکەوتی خوێندن و بیرکردنەوەی بینینی لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان-جوگرافیا لای خوێندکارانی پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی. بۆ سەلماندنی ئامانجەکان توێژەر سێ گریمانەی سفری داڕشتووە.
توێژەر دیزاینی ئەزموونی گروپی هاوسەنگی بەکارهێنا، کە دوو گروپ لەخۆدەگرێت، گروپی ئەزموونی کە بەپێی ستراتیژی نەخشە هزرییەکان وانەیان دەخوێند و گروپی کۆنترۆڵکراو کە بەڕێگای ئاسایی وانەیان دەخوێند، بە تاقیکردنەوەی پێشی و پاشی بۆ گۆڕاوی بیرکردنەوەی بینینی و تاقیکردنەوەی پاشی بۆ دەستکەوت.
کۆمەڵگەی توێژینەوەکە بریتییە لە خوێندکارانی پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی کەلار بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٤-٢٠٢٥)، کە ژمارەیان (٣٨) قوتابخانە بوو، نموونەی توێژینەوە قوتابخانەی (وڵات)ی بنەڕەتی بوو کە (48) خوێندکاربوون، دابەشکران بۆ: گروپی ئەزموونی (٢٤) و گروپی کۆنترۆڵکراو (٢٤) خوێندکار ، دوای دورخستنەوەی کەوتووەکان.
توێژەر هەردوو گروپەكەی هاوسەنگکرد لە گۆڕاوەکانی (ئاستی خوێندەواری دایک و باوک، تەمەن، زیرەکی، نمرەی پارساڵ، زانیاری پێشینە، تاقیکردنەوەی پێشی بیرکردنەوەی بینینی).
لە توێژینەوەکەدا دوو ئامراز بەکارهات: تاقیکردنەوەی دەستکەوت (٣٠ )بڕگەی هەڵبژاردن لە چەند دانەیەك بەپێی سێ ئاستی بلوم:(ناسینەوە، تێگەیشتن، جێبەجێکردن)، و تاقکردنەوەی بیرکردنەوەی بینینی (٣٠ بڕگە). ڕادەی جێگیری ئامرازەکان (٠,٩١) بۆ دەستکەوتی خوێندن و (٠,٨٨) بۆ بیرکردنەوەی بینینی بوو.
دوای تەواوبوونی ماوەی ئەزموونەکە، توێژەر هاوکۆلکە ئامارییەکانی وەک تاقیکردنەوەی تایی (T.test) و کای سکوێر بەکارهێنا بۆ شیکردنەوەی داتاکان.
ئەنجامەکان دەریانخست کە جیاوازی ماناداری ئاماری هەیە لە نێوان ناوەندەژمێری نمرەی خوێندکارانی گروپی ئەزموونی و کۆنترۆڵکراو لە هەردوو تاقیکردنەوەکەدا لە بەرژەوەندی گروپی ئەزموونی.
لە کۆتایی توێژینەوەکەدا توێژەر دەرئەنجامەکانی خستەڕوو لەگەڵ کۆمەڵە ڕاسپاردەیەک بۆ لایەنی پەیوەندیدار و پێشنیازێک بۆ توێژەرانی داهاتوو.

وشه‌ بنچینه‌ییه‌كان