جۆری توێژینهوه : ههڵێنجراو له نامهی ماستهر
نوسهران
1 بەشی زانستە كۆمەڵایەتیەكان، كۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت/ زانكۆی گەرمیان، هەرێمی كوردستان – العراق
2 كۆلیجی تهكنیكی كهلار، زانكۆی پۆڵیتەكنیكی گەرمیان، هەرێمی كوردستان – العراق
3 بەشی جوگرافیا، كۆلێجی پەروەردە/ زانكۆی گەرمیان، هەرێمی كوردستان – العراق
پوخته
ئامانجی لەم توێژینەوەیە زانینی (كارایی بەكارهـێـنانی ستراتیجی نێردراوی گەڕۆك لەسەر دەستكەوت و گەشەپێدانی بیركردنەوەی پێكەوەبەستراو لای قوتابیانی پۆلی هەشتەمی بنەڕەتى لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان)، لەپێناو ئەو ئامانجە توێژەران دیزانینی (نیمچە كۆنترۆڵكراو) بەكارهێناوە لەگەڵ ڕێكارەكانی توێژینەوەكە. كۆمەڵگەی توێژینەوەكەش بریتیە لە قوتابیانی پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەڵبجە لە(41) قوتابخانە پێكهاتبوو، بۆ دەستنیشانكردنی نموونەی توێژینەوە بە مەبەست قوتابخانەی (حسن ئاوا)ی بنەڕەتی هەڵبژاردرا، توێژەران بەشێوەی (هەڕەمەكی سادە) دووگروپی هەڵبژارد و گروپەكان لەم گۆڕاوانەدا هاوسەنگكران( نمرەی بابەتی كۆمەڵایەتی ساڵی پێشوو- تەمەن – ئاستی زیرەكی- ڕادەی خوێندواری دایك وباوك – تاقیكردنەوەی زانیاری پێشینە )، وەتوێژەران بۆ دیاریكردنی بابەتەكانی خوێندن لە ماوەی ئەزموونیدا، (3) بەندی پەرتوكی بابەتەكۆمەلایەتیەكانی هەڵبژارد، لەپێناو داڕشتنی ئامانجەكانی توێژینەوە و بەپێی ناوەڕۆكی بابەتەكە توێژەران(125) ئامانجی داڕشت لەسەر بنەمای پۆلێنكردنی بلۆم لە بواری مەعریفیدا لە ئاستەكانی (بیرهێنان- تێگەیشتن -جێبەجێكردن – شیكردنەوە)، توێژەران تاقیكردنەوەیەكی ئامادەكرد لەسەر دەستكەوتی خوێندن پێكهاتبوو لە (30)بڕگەی لە جۆری (هەڵبژاردن)، هەروەها تاقیكردنەوەیەك بۆ گەشەپێدانی بیركردنەوەی پێكەوەبەستراو پێكهاتبوو لە(32) بڕگە، بۆ دڵنیابوون لە ڕاستێتی و جێگیری ئامڕازەكانی توێژەران شیكاركردنی ئاماری پێویستی ئەنجامدا ودەركەوت هەردوو جۆری تاقیكردنەوەكەی شیاون، بۆ ئاماركردنی داتاكانی توێژینەوەكەی توێژەران بەرنامەی(30spss ) بەكارهێنا.
ئەنجامەكانی توێژینەوەكە ئەوەیان دەرخست كە: (جیاوازی ماناداری ئاماری هەیە لە نێوان ناوەندە ژمێرەیی نمرەكانی پێشی وپاشی قوتابیانی گروپی ئەزموونی لە تاقیكردنەوەی بیركردنەوەی پێكەوەبەستراو بەراورد بە ناوەندە ژمێرەی نمرەكانی پێشی وپاشی قوتابیانی گروپی كۆنتڕۆلكراو لە بەرژەوەندی گروپی ئەزموونیدایە. هەروەها جیاوازی بەڵگەداری ئاماری هەیە لە نێوان ناوەندی ژمێرەیی دەستكەوتی قوتابیانی گرووپی ئەزموونی بەراورد بە ئاستی دەستكەوتی گروپی كۆنتڕۆڵكراو، لە بەرژەوەندی گروپی ئەزموونيدایە. لە ژێر رۆشنایی ئەنجامەكان توێژەران چەند ڕاسپاردە و پێشنیارێكی خستەڕوو.
وشه بنچینهییهكان