جۆری توێژینه‌وه‌ : هه‌ڵێنجراو له‌تێزی دكتۆرا

نوسه‌ران

1 بەشی زانستە كۆمەڵایەتییەكان، كۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت، زانكۆی گەرمیان، هەرێمی كوردستانی عێراق

2 پرۆفیسۆر لە بەشی جوگرافیا، کۆلێجى زانستە مرۆڤایەتییەکان، زانکۆى سلێمانى

پوخته‌

دیزاینی ئاووهەوایی تەلارەكان هاوشێوەی دیزاینی تەلارسازی كەلەپورییە، خەڵكی هەر ناوچەیەك لە ڕێگەی ئەزموون و شارەزاییانەوە ڕێكارەكانی ئەم دیزاینەیان دۆزیوەتەوە، گرنگی ئەوەیە ماوەیەكی زیاتر حەوانەوە دابیندەكات و بەكابردنی ووزە كەمدەكاتەوە. ناسینی ڕێكار و ستراتیجی گونجاندنی تەلارە كەلەپورییەكان لەگەڵ ئاووهەوا گرنگی خۆی هەیە، لەلایەك بیرۆكەی كاریگەر و مایەی جێبەجێكردن دەخاتە پێش چاوی تەلارسازانی نوێ، لەلایەكی تر شارەزایی دانیشتوان دەردەخات لە چۆنێتی گونجاندنی تەلارەكانیان لەگەڵ ئاووهەوای گەرم و نیمچەوشكی گەرمیاندا.




سنوری ناوچەی توێژینەوە بریتیە لە ئیدارەی گەرمیان، تێیدا هەندێك لە نموونەی تەلارە كەلەپورییەكانی ناوچەی گەرمیان شرۆڤەكراوە، بە ئامانجی ئەوەی دەریبخەین، چۆن لە كۆندا دانیشتوان تەلارەكانیان لەگەڵ ئاووهەوای گەرم و نیمچەوشكی گەرمیاندا گونجاندووە، گرنگترین ئەو ڕێكارانە چین لە دیزاینی تەلارە كۆنەكانی گەرمیاندا ڕەچاوكراون بۆ ئەوەی خۆیان لە ئاڵنگارییە وەرزییەكان بپارێزن، یان ئەو كەرەستانە چین لە دروستكردنی تەلارە كەلەپورییەكان بەكاریان هێناوە. بە دیراسەی تەلارە كەلەپوریییەكانی هەر هەرێمێكی ئاووهەوایی ڕووندەبێتەوە تەلارە كەلەپورییەكان كتومت لەسەر بنەما ئاووهەواییەكان دیزاینكراون بۆ ئەوپەڕی سودوەرگرتن لە ووزە سروشتییەكان و بەرگری لە سەرما و گەرمای بێزاركەر. ئەم توێژینەوەیە یارمەتیمان دەدات هەندێك لە ڕێكارە كۆنەكانی تەلارسازی بناسینەوە، كە ئەمڕۆ فەرامۆش كراون تاكو لە تەلارە نوێیەكاندا ڕەچاویان بكەین، چون سەرەڕای پێشكەوتنەكان، تەلارسازی نوێ تەواو پێچەوانەی ئاووهەوای گەرمیان دروستدەكرێت. ئەم توێژینەوەیە پاڵپشتی پەرەپێدانی تەلارسازی نوێ لە ناوچەی گەرمیان دەكات، لەسەر بنەمای گونجاندنی دیزاینی تەلارە كەلەپورییەكان لە كۆندا. ئەنجامەكان دەریانخست تەلارە كەلەپورییەكان گرنگیان بە حەوشەی كراوەی بە دیوار حەساركراو، دیواری ئەستوور، ژوور بۆ زستان نشین و هاوین شین، باڵكۆن، بانیچە، سرداب، دیواری ئەستوور، خۆرپارێز، هەیوان و پشت هەیوان، تاقی گەورەی گومەزی هەیوان، میچی گومەزی، كوچەی تەسك و قەیسەری سەرداپۆشراو، بەهارەخەو، كڵاوڕۆشنە، كەرەستەی سروشتی داوە، بۆ سودوەرگرتن لە ووزە سروشتییەكان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئاووهەوای گەرمیان.

وشه‌ بنچینه‌ییه‌كان